کرواتیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-10-30-16:25:00 - کۆدی بابەت: 7044
کرواتیا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی کرواتیا

وڵاتی کرواتیا (بە ئینگلیزی: Croatia) کە بەشێوەیەکی فەرمی پێشی دەوترێت کۆماری کرواتیا دەکەوێتە ناوەڕاستی کیشوەری ئەورووپاوە لەسەر دەریای ئەدریاتیک، لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ وڵاتی سلۆڤینیادا هاوسنوورە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە سنووری لەگەڵ هەنگاریادا هەیە و وڵاتی سڕبیا لە ڕۆژهەڵاتی هەڵکەوتووە، بۆسنە و هەرسک لەگەڵ مۆنتۆنیگرۆدا دەکەونە باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە، وڵاتی ئیتاڵیا لەڕێی ئاوییەوە سنووری لەگەڵیدا هەیە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای کرواتیاوە، شاری زەگرەب پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتەکەیە، ڕووبەری خاکەکەی ٥٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و زیاتر لە ٤ میلیۆن کەسی تیا دەژی.

زانیاری گشتی

وڵات کرواتیا
پایتەخت زەگرەب
زمانی فەرمی کرواتی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٩٠ کرواتی
  • ٪٥ سڕبی
  • ٪٥ نەتەوەکانی تر
ئایین
  • ٪٩١ مەسیحی
  • ٪٥ بێ ئایین
  • ٪٤ ئایینی تر
شانشینی کرواتیا ٩٢٥ زایینی
ڕۆژی سەربەخۆیی ٢٥/٦/١٩٩١
ڕووبەر ٥٦ هەزار و ٥٩٤ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢٠) ٤,٠٥٨,١٦٥
چڕی دانیشتووان ٧٣ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٦٣.١٧٢ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ١٥,٦٤٦ دۆلار
دراو کونە
کات UTC +1
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٨٥

جوگرافیا

وڵاتی کرواتیا یەکێکە لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئەورووپا و زۆرکات بە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش وەسفدەکرێت، وڵاتەکە یەکێک لە وڵاتانی بەڵکانە و ڕووبەری وشکانی وڵات ٥٦ هەزار و ئاوییەکەی ١٢٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی ٤ میلیۆن کەسە، بەو ڕووبەرەوە دەبێتە ١٢٧ـەمین وڵاتی جیهان، زمانی فەرمی کرواتییە و سنووری لەگەڵ وڵاتانی (سلۆڤینیا، هەنگاریا، بۆسنە و هەرسک، سڕبیا و مۆنتۆنیگرۆ) دا هەیە و لەڕێی ئاوییشەوە سنووری لەگەڵ ئیتاڵیادا هەیە، دەریای بەڵتیک دەکەوێتە باشووری وڵاتەکەوە و کەنارێکی درێژی لەگەڵ ئەو دەریایەدا هەیە، وڵاتی کرواتیا لەنێوان هێڵی درێژی ١٣ بۆ ٢٠ ی ڕۆژهەڵات و بازنەی پانی ٤٢ بۆ ٤٧ ی باکوور هەڵکەوتووە.

بەشێک لە زنجیرە چیای “دیناریک ئەڵپ” دەکەوێتە ئەم وڵاتەوە کە زنجیرە چیایەکی درێژە و بەناو زۆربەی وڵاتانی بەڵکاندا تێدەپەڕێت، بەرزترین لووتکەی بەناوی “دینارا”وەیە کە دەکەوێتە سەر سنووری کرواتیا و بۆسنە و هەرسک و ١,٨٣١ مەتر بەرزە، درێژ دەبێتەوە بۆ سەر کەنارەکانی دەریای بەڵتیک و تەواوی سنووری باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەگرێتەوە، وڵاتی کرواتیا پێکهاتووە لە هەزاران دوورگەی گەورە و بچووک، گەورەترینی دوورگەی “کریس و کرک”ـە کە ڕووبەریان ٤٠٥ کیلۆمەتر دووجایە ئەم ڕووبەرەش سەبارەت بە دوورگەیەک زۆرە، ئەم وڵاتە گەورەترین و زۆرترین ژمارەی دوورگەی لە دەریای بەڵتیکدا هەیە و دووەم زۆرترینیش لە دەریای سپی ناوەڕاستدا هەیە لە دوای وڵاتی یۆنانەوە.

گرد و بەرزاییەکانی باکووری وڵات و ناوچە تەختەکانی ڕۆژهەڵاتی کە دەکەونە سەر سنووری وڵاتی سلۆڤینیا و بەشێکن لە تەختاییەکانی پانۆنیان دابەشکراون بە ڕووبارەکانی (دانووب، دراڤا، کووپا و ساڤا)، دانووب کە دووەم درێژترین ڕووباری کیشوەری ئەورووپایە لەدوای ڤۆڵگای ڕووسیاوە، بە ڕۆهەڵاتی وڵاتەکەدا و بەناو شاری “ڤوکۆڤار”ـدا دەڕوات، هەرێمەکانی ناوەڕاست و باشووری کە دەکەونە سەر کەناردەریاکانی ئەدریاتیک و دوورگەکان، ناوچەی نزمن و کەمتر شاخ و گرد و دارستانی تێدایە، سەرچاوە سرووشتیەکانی ئەم نیشتیمانە هەم جۆری باشن و هەم بڕی پێویستی هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و بەرهەمهێنانەکانی لەوانە (نەوت، خەڵووز، ئاسنی خاو، کالسیۆم، قیری سرووشتی، سیلیکا، جیبسم کە گۆگرداتی کالسیۆمە، خوێ و وزەی ئاوییە) 

لە ئەنجامی ڕۆچوونی زەوییەوە لەم وڵاتە چەندەها ئەشکەوت و ناوچەی مێژوویی درووستبووە، قووڵی ئەم ئەشکەوتانە جیاوازن و ٤٩ ئەشکەوتی هەیە کە قووڵیان لە ٢٥٠ مەتر زیاترە، ١٤ ی لە ٥٠٠ مەتر و ٣ دانەی هەیە کە لە ١٠٠٠ مەتر قووڵترن، ئەم ئەشکەوتانە لەناوەوە زۆر فراوانن و وەک خانوو گەورەن و بەقەد قەبارەی ژوورێک بەرزن، خاوەنی چەندین دەریاچەیە یەکێک لەوانە کە “دەریاچەکانی پلیتیڤیس”ـن و پێکهاتوون لە ١٦ دەریاچەی جیاواز کە بە تاڤگەکانەوە پێکەوە بەستراونەتەوە، ئەم دەریاچانە ناسراون بە ڕەنگە جیاواز و جۆربەجۆرێتیان کە ڕەنگیان شین و ڕەساسی و سەوزی کاڵە بەپێی ماددەکانی ناویان و سەرچاوەی ئاوەکانیان.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی کرواتیا کەشێکی نیمچە گەرم و باراناوییە و بەهۆی کاریگەری کەشی زەریاییەوە (زەریای ئەتڵەسی) و دەریاکانی خوارووی شێ لە وڵاتدا دەبینرێت، بەشێوەیەکی گشتی هاوینی وشک و گەرمە و زستانی ساردە، پلەکانی گەرمی زۆر فراوان نیین و هاوشێوەی وڵاتانی ناوەڕاستی ئەورووپا نە زستانی زۆر ساردە نە هاوینیشی زۆر گەرمە، تێکڕای پلەی گەرمی وەرزی زستان و لە مانگی یەکدا دەچێتە -٣ پلەی سیلیزی و لە وەرزی هاویندا و مانگی حەوتدا دەچێتە ١٨ پلەی سیلیزی، ساردترین ناوچەکانی لە (لیکا و گۆرسکی کۆتارە) کە دەکەونە لووتکەی شاخەکانی کرواتیا و ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن، گەرمترین ناوچەکانی لە باشووری وڵاتەکەن و دەکەونە سەر کەنارەکانی دەریای ئەدریاتیک و کاریگەری کەشی دەریای سپی ناوەڕاستیان لەسەرە، نزمترین پلەی گەرمی کە لەو وڵاتەدا تۆمارکرابێت لە شاری “چاکۆڤێتس” بووە لە باکووری وڵاتەکە و ساڵی ١٩١٩ دا بووە، پلەکان چوونەتە ٣٥.٥ پلە ژێر سفر، بەرزترین پلەی گەرمی کە تۆمارکرابێت لە شارۆچکەت “پلۆچ”ـی باشووری وڵات بووە لە ساڵی ١٩٨١ دا و پلەکانی گەرما چوونەتە ٤٢.٨ پلەی سیلیزی، تێکڕای ڕێژەی باران بارین و بەفری ساڵانە لە وڵاتی کرواتیادا لەنێوان ٦٠٠ میلیمەتر بۆ ٣٥٠٠ میلیمەترە کە ئەمەش بەپێی شوێنە جووگرافی و بەرزی و نزمییەکان دەگۆڕێت.


سەرچاوەکان



1923 بینین